جه‌ژنێکی ڕووته‌ڵه‌

 

  جه‌ژنه‌و...

  به‌ خاكی سه‌رم تینووم
  جه‌ژنه‌و...

  خه‌م وه‌كو گورگ

  هه‌ناسه‌م پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات
  جه‌ژنه‌و...

  نازانم كه‌چی سه‌رم كڕنوشی گریان ده‌بات
  فرمێسك له‌ چاومدا له‌گه‌ڵ گریه‌ ده‌ستیان گرتوه‌

  هه‌ڵپه‌ڕكێی ژوان ده‌كات
  ئاخ جه‌ژن، منداڵی، جه‌ژنانه‌
  ڕۆحم به‌ ئه‌سپی باڵدار

  داوای گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كات
  داوای زینی ئه‌سپی الیاس

  خه‌می دیواری به‌هزاد ده‌كات
  ڕیشۆڵه‌ په‌لاماری خه‌مم ده‌دات
  چۆله‌كه‌ هه‌ناسه‌ی عشقم ده‌گرێت
  شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ خوێنم وه‌ك شیر ده‌مژێت
  باخه‌وان بێڵ له‌ نوكی سینه‌م داده‌نێت
  جوتیار بژاری خه‌ونم ده‌كات
  له‌گه‌ڵیشیا كه‌ڕوی گڵم وه‌لا ده‌نێت
  شوان...

  شوانی به‌رخی فه‌راهه‌نده‌ گوڵم ده‌گرێت
  كه‌چی باوكم...

 جه‌ژنانه‌ی خۆشیم لێداده‌بڕێت
  به‌ڵام دایه...

  جلی جه‌ژنم به‌ فرمێسك و ته‌قه‌ڵی خه‌م له‌به‌ر ده‌كات
  ژیان مۆڕه‌ی خۆی ده‌كات

  شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات
  من په‌روانه‌ی دڵ سوتاووم

  پێشڕه‌وی له‌ دوا بڕاوم
  مه‌لی نه‌وره‌سی بێ ئاوم
  گوڵه‌ لاولاوی به‌ ناو زه‌ویدا كراوم
  فرمێسكی خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت...

  چڵه‌ داری شكاوم
  كفنی پرتوكاوی زیندوم
  ماچی سه‌ر ڕووی فه‌راهه‌م كراوم
  ئه‌رێ چی بوو خۆ جه‌ژنه‌...
  گوێم له‌ مناره‌ی الله‌ اكبری مزگه‌وته‌
  چاوم له‌ جریوه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌

  گوێم له‌  جیكه‌جیكی زه‌رنه‌قوته‌ی سك برسیه‌
  چاوم له‌ لاره‌ ملی منداڵی هه‌تیوه‌
  چاوم له‌ مه‌نجه‌ڵی دایكی ماندوی خێر له‌ خۆ نه‌دیوه‌
  چاوم له‌ باوكی گیرفان به‌تاڵه‌
  به‌ڵام جه‌ژنه‌و هه‌موو دڵیان خۆشه‌
  من به‌ ته‌نها دۆش داماوم
  بۆ خه‌می كوردستان

  دادی دایكی جگه‌ر سوتاوم
  تێڕاماوم

  بۆ فرمێسكی باوكی جگه‌ر بڕاوم
  حه‌په‌ساوم
  ده‌ڵێن جه‌ژنه‌ دڵمان خۆشه‌
  من شعرم ده‌كه‌مه‌ جه‌ژنانه‌

  ته‌نها بۆ تۆ به‌رخۆله‌ی هه‌تیو
  من شعرم ده‌كه‌مه

 ‌ خۆشی ماچ بۆ نێو ده‌ستی باوكی هه‌ژار
  من شعرم ده‌كه‌مه‌

  باقه‌ گوڵ بۆ نێو ده‌ستی عاشقانی زه‌ردو زویر  
  من شعرم ده‌كه‌مه‌

  ماچێكی گه‌رم ماچێكی تینوو ماچێكی خه‌م
  ده‌یده‌م له‌ نێو چاوی ووڵاته‌كه‌م
  كوردستانم

 

                             ماکوان

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای هۆنراوه‌
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای ڕێگای ڕاستی
مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ پارێزراوه‌ بۆ ڕێگای ڕاستی